سوودانی: ڕێز لە ئیرادەی سوورییەکان دەگرین

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: ڕێز لە ئیرادەی سوورییەکان دەگرین و چاودێری پرۆسەی گشتگیری سیاسی دەکەین.

هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: ڕێز لە ئیرادەی سوورییەکان دەگرین و چاودێری پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە دەکەین، دەشڵێت: هەر کەم و کوڕییەک لە زیندانەکانی سووریا، هانمان دەدات ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە.

سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی نوێی سووریایان لە تێڕوانینی خۆیان بەرامبەر ئەو بارودۆخەی هاتووەتە پێش ئاگەدار کردووەتەوە، دەڵێت: ئێمە پێداگرین لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ سووریا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، دووپاتی لەوەش کردەوە، ماهر ئەسەدی برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا، نەهاتووەتە عێراق.

سوودانی ئاشکرای کردووە، ڕژێمی بەشار ئەسەد داوای لە عێراق نەکردووە لە ئاڵۆزییەکانی سووریا، بەشێوەیەکی سەربازیی بەشداری ڕووبەڕووبوونەوەکان بکات.

ئەو قسانەی سوودانی لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاندێکی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەمید شەتڕی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع( محەمەد جۆلانی) فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سووریا، لەسەر چەند پرسێکی سیاسی و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەوە.