ڕووسیا: ئۆکرانیا بەدرۆن هێرشی گرۆزنی دەکرد ئەو کاتەی فڕۆکە ئازەربایجانیەکە هەوڵی نیشتنەوەی دەدا

فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئازەربایجان
فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئازەربایجان

سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئەو کاتەی فڕۆکە ئازەربایجانەکە هەوڵی نیشتنەوەی دەدا، ئۆکرانیا بە درۆن هێرشی سەر گرۆزنی دەکرد، بەو هۆیەوە فڕۆکەکە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە.

هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیمیتری یادرۆڤ، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی ڕووسیا،لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرامی خۆی بڵاوی کردەوە: ئەو ڕۆژەی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، کەشوهەوای پایتەختی چیچان زۆر خراپ و تەم و مژ بوو، بەتایبەتیش لەسەر فڕۆکەخانەکە و ئەو کاتەی فڕۆکەکە کەوت.

دیمیتری یادرۆڤ دەڵێت: ئەو کاتەی فڕۆکە ئازەربایجانیەکە کەوت، ئۆکرانیا بە درۆن هێرشی دەکردە سەر دامەزراوە شارستانییەکان، دەشڵێت: لەو کاتەدا بوو، دوو جار فڕۆکەکەی ئازەربایجان هەوڵیدا لە پایتەختی چیچان بنیشێتەوە بەر لەوەی بەرەو کازاخستان بچێت.

یادرۆڤ دەڵێت: ئاماژە بە کاپتنی فڕۆکەکەی ئازەربایجان کرا بەرەو فڕۆکەخانەیەکی دیکە بچێت، بەڵام کاپتنەکە بڕیاریدا ڕوو لە فڕۆکەخانەی ئەکتاو بکات لە کازاخستان.

دیمیتری یادرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی گرۆزنی تەواوی گەشتەکانی هاتن و چوونی ئاسمانی بەهۆی هێرشی درۆنەکانی ئۆکرانیا ڕاگرت.

ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی هێلی ئاسمانی ئازەربایجان لە کازاخستان کەوتە خوارەوە و 38 سەرنشین لەکۆی 67 سەرنشین بەهۆی ئەو ڕووداوە گیانیان لەدەستدا، هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکتر تاوانبار دەکەن بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە، بەڵام دەسەڵاتی کازاخستان دەڵێت: هێشتا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەریان لەبەردەستدا نییە کە ڕووسیا دەستی لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئازەربایجانەکە هەبووبێت.