ئالین گۆرانییەک بە سریانی بۆ ساڵی نوێ بڵاو دەکاتەوە
ئالین، هونەرمەندی ڕۆژئاوای کوردستان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، گۆرانییەک بە سریانی بڵاو دەکاتەوە.
سەبارەت بە هۆی گوتنی گۆرانییەکە بە زمانی سریانی، ئالین گوتی: "هەموو پارچەکانی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانن، هیچ کاتێک هەست بە جیاکاریی نەکراوە، من لە ژینگەیەکدا گەورە بووم دۆستایەتی و هاوڕێیەتیم لەگەڵ کریستیانەکان هەبووە، هەر ئەوەش وای کرد کە بە سریانی گۆرانی بڵێم و شارەزاییم لە زمانەکەیاندا هەبێت."
ئەو هونەرمەندەی ڕۆژئاوای کوردستان باسی لەوەش کرد: "بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە، گۆرانی (حۆنلێ حۆنلێ) بە شێوازێکی نوێ و جیاواز پێشکەش بە خوشک و برا کریستیانەکان دەکەم، هیوادارم بە دڵیان بێت و پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێ دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ بۆ هەموو لایەکمان ساڵی تەبایی و خۆشگوزەرانی و بەدیهاتنی هیوا و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت لە هەموو پارچەکان."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئالین گوتی: "هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی ڕۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار و ناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارە بۆ گرفتەكانیان یەكگرتن و هاوكاریی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكانی کوردستان دەخوازم."
شایەنی باسە تێکست و ئاوازی ئەم گۆرانییە، خانمە هونەرمەند جۆلیانا جوندۆ دایناوە و مەمۆ گول، میوزیک و ڕێکخستنی بۆ کردووە. هەروەها لەلایەن دەرهێنەر هەژار دهۆکی، کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.