پوتین: سیستەمی بەرگریمان چالاک بووە ئەو کاتەی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە ویستوویەتی لە گرۆزنی بنیشێتەوە

پەیوەندیی تەلەفۆنی سەرۆکانی ڕووسیا و ئازەربایجان
پەیوەندیی تەلەفۆنی سەرۆکانی ڕووسیا و ئازەربایجان

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت: ئەو کاتەی فڕۆکە ئازەربایجانەکە هەوڵیداوە لە گرۆزنی بنیشێتەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕووسیا بۆ بەرچدانەوەی درۆنەکانی ئۆکرانیا چالاک بووە، بەڵام پوتین هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە ڕاستەخۆ فڕۆکەکەیان پێکا بێت، بەپێی لێدوانەکانی گوتەبێژی کرملین: پوتین داوای لێبووردنی لە سەرۆکی ئازەربایجان کردووە کە فڕۆکەکەیان لە ئاسمانی ڕووسیا کەوتووەتەوە خوارەوە.

شەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، گوتەبێژی کرملین، دميتری پيسكۆف ڕایگەیاند: ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلییف، سەرۆکی ئازەربایجان کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی ڕووسیا چالاک بووە بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشی درۆنەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر گرۆزنی، لەو کاتەی فڕۆکەکەی ئازەربایجان لەسەر گرۆزنی بووە، بەڵام پوتین هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکرد سیستەمی بەرگریی ڕووسیا فڕۆکەکەی پێکا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێبووردنی لە هاوتا ئازەربایجانیەکەی کرد لەبەر ئەوەی ڕووداوە خەمناکەکە لەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی بووە.

دميتری پيسكۆف، گوتەبێژی کرملین پێشتر بانگەشەکانی کۆشکی سپی ڕەت کردەوە لەبارەی ئەوەی سیستەمی بەرگریی ڕووسیا فڕۆکە ئازەربایجانیەکەی خستبێتە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەی شارەزایانی بواری فڕۆکەوانی پێیان وایە، بەپێی وێنەکانی لاشەی فڕۆکەکە، گومانی ئەوە دەکرێت فڕۆکەکە دووچاری پێکانی سیستەمی بەرگریی بووبێت.

دوێنێ هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیمیتری یادرۆڤ، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی ڕووسیا،لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرامی خۆی بڵاوی کردبوەوە، ئەو ڕۆژەی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، کەشوهەوای پایتەختی چیچان زۆر خراپ و تەم و مژ بوو، بەتایبەتیش لەسەر فڕۆکەخانەکە و ئەو کاتەی فڕۆکەکە کەوت.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی هێلی ئاسمانی ئازەربایجان لە کازاخستان کەوتە خوارەوە و 38 سەرنشین لەکۆی 67 سەرنشین بەهۆی ئەو ڕووداوە گیانیان لەدەستدا، هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکتر تاوانبار دەکەن بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە، بەڵام دەسەڵاتی کازاخستان گوتبووی: هێشتا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەریان لەبەردەستدا نییە کە ڕووسیا دەستی لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئازەربایجانەکە هەبووبێت.