سەرۆکی ئازەربایجان: فڕۆکەکەمان بە سیستەمی بەرگریی ڕووسیا کەوتووەتە خوارەوە

فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئازەربایجان
فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئازەربایجان

سەرۆکی ئازەربایجان ڕایدەگەیەنێت: فڕۆکەکەیان بە سیستەمی بەرگریی ڕووسیا کەوتووەتە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە.

یەکشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیلهام عەلییف، سەرۆکی ئازەربایجان دەڵێت: ئەو فڕۆکەیەمان کە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە و 38 سەرنشین بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و 68ـی دیکەش برینداربوون، بە سیستەمی بەرگریی ڕووسیا تێکشکاوە، لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە ئاژانسی ئەزەرتاغی فەرمی وڵەتەکە بڵاوی کردەوە، ئیلهام عەلییف، سەرۆکی ئازەربایجان ڕایگەیاند: فڕۆکەکەیان بە هەڵە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ڕووسیاوە لێی دراوە، دەشڵێت: فڕۆکەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە بەهۆی ئەو ژاو ژاوە ئەلیکترۆنییە سەربازییەی لەسەر ئاسمانی گرۆزنی هەبووە، باڵەکانی کون کون بوون بەهۆی گولـلەکانی لە ڕووسیاوە بۆی هاوێژراوە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ قسەیەکمان لە ڕووسیا گوێ لێ نەبوو، جگەلە قسەی بێ مانا، گوتیشی: ئەو چیرۆکانەی ڕووسیا بۆ ڕووداوەکە دروستی دەکات لەوەی، باڵندەیەک خۆی کێشا بێت بە فڕۆکەکە، یاخود بالۆنێکی غازی پێیدا تەقیبێتەوە، ئەوە نیشان دەدات، ڕووسیا دەیەوێت ڕووداوەکە بەلایەکی دیکەدا ببات.

ئیلهام عەلییف گوتی: داوای لێبووردنەکەی سەرۆکی ڕووسیاش، ئەو ڕێکارانەن کە دەبوا بیگرێتە بەر وەک وڵاتێکی دراوسێ بۆ ڕای گشتی.