هێرش کرایە سەر دیمەشق و کوژراو هەیە
ڕوانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی درۆنی کە پێدەچێت ئیسرائیلی بێت بۆ سەر جبەخانەیەکی سەربازیی سووپای پێشووی سووریا لە نزیک شارۆچکەی عەدرا لە نزیک دیمەشق، 17کەس کوژران، سەرباری وێران بوونی جبەخانەکە.
یەکشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، هێرش کراوەتە سەر جبەخانەیەکی سووپای ڕژێمی پێشووی سووریا و وێران کراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەش کە لەڕێگەی درۆنەوە بووە، 17کەس کوژراون وەک ئاماری سەرەتایی.
لە بەرامبەردا ئاژانسی سپۆتنیک بڵاوی کردەوە، لە هێرشەکەدا کە ئیسرائیل بە درۆن ئەنجامی داوە بۆ سەر جبەخانەیەکی سووپای ڕژێمی پێشووی سووریا، 5 کەس کوژراون، سەرباری زیانی زۆر کە بە دوکان و بازاڕەکانی نزیک لە جبەخانەکەی شارۆچکەی عەدرا کەوتووە لە ناوچەی پیشەسازیی.
ژووری ڕەتدانەوەی دوژمن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیلیگرام بڵای کردەوە، ئاماری کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر جبەخانەیەکی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەی عەدرا، بۆ 20 کەس بەرزبووەتەوە.