ئەحمەد ئەلشەرع: کورد نابێت ئێستە داوای فیدراڵی بکات

ئەحمەد ئەلشەرع
ئەحمەد ئەلشەرع

ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕایدەگەیەنێت: کورد بەشێکن لە گەلی سووریا، زوڵمیان لێکراوە وەک ئەوەی ئێمە زوڵممان لێکراوە، پێویستە لەسەرمان بیانپارێزین.

یەکشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەڵێت: ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەمان کردووە کە ئەمە کێشەی سووریایە، لێمان گەڕێن وەکو سوورییەک هەردوولامان چارەی بکەین، دەڵێت: هەوڵدەدەین میکانیزمێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی، نابێت شتێک هەبێت بۆ دابەشکردنی سووریا بە هیچ شێوەیەک ئەگەر بەشێوەی فیدراڵیش بێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی سووری لەو کاتەی ئێستادا ئامادە نین بۆ تێگەیشتن لە پرسی فیدراڵی، پێیان وایە کە ئەوە بەشێکە لە دابەشکردنی سووریا.

ئەحمەد ئەلشەرع دەڵێت: لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا چەکدارانی بیانی هەن کێشەیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئاسایشی وڵاتانی دەورووبەرمان دەپارێزین، تورکیا دەناڵێنێت بەدەست پەکەکەوە، ئێمە ڕێگە نادەین سووریا ببێتە پێگەیەک بۆ لێدانی تورکیا.

ئەلشەرع گوتی: کورد بەشێکە لە گەلی سووریا، زوڵمیان لێکراوە وەک ئەوەی ئێمە زوڵممان لێکرا، لەسەرمانە پارێزگارییان لێ بکەین و بیانگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان کە لێی ئاوارە بوون لە کاتی شۆڕشدا.

گوتیشی: ئەوانەی چەکدارن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، وەزارەتی بەرگریی سووریا هەیە و پێویستە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتەوە بێت، ئەوەی دەیەوێت بێتە نێو وەزارەتی بەرگریی، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین، لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەسەدە دەکەینەوە بۆ ئەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزینەوە کە گونجاو بێت بۆ بارودۆخی سووریا.