جۆزێ مۆرینیۆ لە دوو بڕیاری کاروانی وەرزشی پەشیمانە

جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری یانەی فەنەرباهچەی تورکیا، لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی کۆریرۆ دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، باس لە کاروانی وەرزشی خۆی دەکات و دەڵێت، لە دوو بڕیاری کاروانەکەی پەشیمانە و هەرگیز نەدەبوایە ئەو دوو بڕیارە بدات.

راهێنەرە پۆرتوگاڵیەکە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی کۆریرۆ دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی لەبارەی جێهێشتنی ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید لە ساڵی 2013 دەڵێت '' ئەگەر باسی یارییەکان بکەین، زۆر شت دێتە خەیاڵم، چونکە کاتێک یاری دەکەیت هەمیشە پێتوایە دەکرا بە شێوەیەکی جیاوازتر یاری بکەیت، منیش زۆر یاریم دۆڕاندووە، بەڵام ئەگەر مەبەستت هەڵبژاردنی پیشەیە، دەبێت بڵێم وەڵامە نەرێنیەکەم بو بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید ''.

مۆرینیۆ لەبەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت'' پێرێز پێیگووتم مۆ ئێستا کاتی رۆیشتن نیە، شتی جیاواز بەرێوەیە و منیش دەمزانی قسەکانی راستن، بەڵام هەموو ئامانجم بوو بگەڕێمەوە چێڵسی و دوای سێ ساڵ ئیسپانیا جێبهێڵم و جارێکی دیکە لە پرێمەرلیگ ئەزموونێکی دیکە تاقی بکەمەوە کە نەدەبوایە ئەو بڕیارە بدەم و ریزەکانی یانە شاهانەکە جێبهێڵم ''.

راهێنەرە پۆرتوگاڵیەکەی پێشووی یانەکانی ریاڵ مەدرید و چێڵسی و رۆما لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا، باس لە بڕیارێکی دیکەی دەکات و دەڵێت '' دوای یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ لە ساڵی 2023 دەبوایە یەکسەر ریزەکانی یانەی رۆما جێبهێڵم، نەک لەبەر ئەو بڕیارە هەڵەیەی تایلۆری ناوبژیوانی یارییەکە، بەڵکو دەبوایە هەر ئەو کاتە کۆتایی بە کارەکانم لەگەڵ یانە ئیتاڵیەکە بهێنم، بەڵام ئەم کارەم نەکرد و تووشی هەڵەیەکی گەورە بووم ''.