ساڵی 2024 یەکێک لە شوومترین ساڵەکانی کاروانی وەرزشیی ڕۆناڵدۆ بوو

کریسیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ
کریسیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانی یانەی نەسری سعوودی و هەڵبژاردەی پورتوگال لە ساڵی 2024 نەیتوانی هیچ دەستکەوتێکی تایبەتی تاکە کەسی بەدەست بهێنێت، تەنها دەستکەوتی خاوەنی 5 خەڵاتی باڵۆن دۆر، گۆڵکاری وەرزی ڕابردووی خولی ڕۆشنی سعوودی بوو کە لەم ساڵدا بەدەستی هێنا.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ گۆڵکاری پۆرتوگاڵی یانەی نەسری سعوودی، دوای جێهێشتنی ئەوروپا و پەیوەندی کردن بە یانەی نەسری سعوودی، بەو هیوایە بوو بتوانێت لەگەڵ ئەو یانەیە لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکان و خەڵاتەکان بەردەوام بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە نەیتوانیوە لەگەڵ یانە نوێیەکەی سەرکەوتوو بێت.

دۆن، بە تۆمار کردنی 35 گۆڵ بووە گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولی ڕۆشنی سعوودی، بەڵام هیچ نازناوێکی لەگەڵ یانەکەی لە ساڵی 2024 بەدەست نەهێنا. ئەو یاریزانە، لەگەڵ یانەی نەسر تەنها دەستکەوتی جامی پاڵەوانانی یانەکانی عەرەب و پێڵاوی زێڕی پاڵەوانێتیەکە بووە.


خولی ڕۆشنی سعوودی


لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2023 توانی بە تۆمار کردنی 54 گۆڵ، پێشەنگی گۆڵکارانی جیهان بگرێت، بەڵام ئەمساڵ واتە 2024 بارودۆخی ڕۆناڵدۆ تەواو جیاواز بوو، دۆن لەگەڵ یانەکەی نەیتوانی کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە لەگەڵ یانەی هیلال بباتەوە و لە کۆتاییدا بە کۆکردنەوەی 82 خاڵ پلەی دووەمیان بەدەست هێنا.

 

چامپیۆنزلیگی ئاسیا


کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و هاوڕێکانی هەموو ئامانجیان ئەوە بوو، ڕکابەرێکی سەرسەخت بن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بەڵام لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر عەینی ئیماراتی دۆڕان و لە بەدەستهێنانی ناسناوەکە بێ بەش بوون، هەروەها هەر لەم ساڵەدا نازناوی جامی سعودیایان لەدەست دا و لە یاری کۆتایی بەرامبەر هیلال تووشی دۆڕان بوون.


جامی سعوودیە و جامی سوپەر


ڕۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە جامی سعوودیە، ئەمساڵ بەرامبەر یانەی تەعاون لە قۆناغی شازدە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ماڵئاواییان کرد. هەروەها یانەی نەسر لە یاری سوپەری سعوودیە جارێکی دیکە بەرامبەر هیلال دۆڕان و ئەو نازناوەشیان لە ساڵی 2024 لەدەست دا.


یۆرۆی 2024


ڕۆناڵدۆ لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکەشی لە 2024 بارودۆخی باش نەبوو، ئەو یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە یۆرۆی 2024 بەرامبەر فەرەنسا، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی، بە لێدانە یەکلاکەروەکان دۆڕان و ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتیەکە کرد، بێ ئەوەی هیچ گۆڵێکیش لە پاڵەوانێتیەکە بکات.