دیلان بارزان باس لە کارگەیەکی گەورەی ماددەی هۆشبەری ماهر ئەسەد دەکات
پەیامنێری کوردستان24 دیلان بارزان، لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، گەیشتە نێو خاکی سووریا و ڕاستییەکانی کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانکارییەکانی بۆ خەڵکی کوردستان دەگواستەوە، یەک لەو ڕاستیانەی دەستی دیلان بارزان کەوت، کارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری ماهر ئەسەدی، برای بەشار ئەسەد بوو کە بەرهەمەکانی ئەو ماددەیەی دەناردە عێراق و عوممان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دیلان بارزان دەڵێت: هەر ناوچەیەکی سەربازیی لە سووریا، کرابوون بە کارگەی ماددەی هۆشبەر و حەبی کەپتاگۆن، گوتی: ماددەی هۆشبەر زۆر بڵاو ببووەوە لە سووریا.
دەڵێت: ئێمە یەکەم ڕۆژ کە گەیشتینە فڕۆکەخانەی مەززە لە سووریا، فڕۆکەخانەکە فڕۆکەی زۆر و پێداویستی سەربازیی و ڕاداری لێبوو، هەر لەنێو فڕۆکەخانەکە زیندانی نهێنی هەبوو، لەگەڵ ئەوەش کارگەی ماددەی هۆشبەری بۆ حەبی کەپتاگۆن تێدابوو لە ناوچەی دووما، دەشڵێت: کە لەبارەی کارگەکە لە خەڵکی ناوچەکەمان پرسی، ئەوان دەیانگووت: ئێمە نەمانزانیووە کارگەیەکی وا لەو ناوچەیەی ئێمە بۆ ماددەی هۆشبەر هەبێت، چونکە لە دەرەوە وا نیشانیان دەدا کارگەی چپسی پەتاتە و شەربەت و شیرەمەنی بوو، دیلان گوتی: لەگەڵ یەکێك قسەم کرد، گوتی: لە یەکێک لە کارگەکانی نزیک ئەو کارگەی ماددەی هۆشبەرە کارم دەکرد، بەڵام نەمان دەزانی ئەوە کارگەی ماددەی هۆشبەرە، دیلان دەڵێت: کە چووینە ئەوێ، بینیمان کارگەیەکی زۆر گەورە بوو.
دیلان گوتی: یەکێک پێی گوتم: پێشتر ئەو شوێنە کارگەی چپسی پەتاتە بووە، ماهر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد، خاوەنی کارگەکەی گرتووە و کارگەکەشی کردووە بە هی ماددەی هۆشبەر، دەڵێت: کارگەکە دوو نهۆم بوو، نهۆمی خوارەوەی بۆ دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکە بوو، نهۆمی سەرەوەشی بۆ کۆگا کردن بوو، ماددە هۆشبەرەکەیان دەخستە نێو پاکەتی شەربەت و مێز و کورسی و بۆ وڵاتانی دیکەیان دەنارد، بۆ دوبەی عێراق و عوممان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.