داعش لەنێوخۆدا بووەتە هەڕەشە لەسەر عێراق

سووپای عێراق
سووپای عێراق

هەرچەندە سووپای عێراق لەسەر سنوور هێزی بڵاو کردووەتەوە چونکە ترسی لە دزەکردنی چەکدارانی داعش هەیە لە سووریاوە بۆ عێراق، بەڵام چاودێرێک دەڵێت:"داعش لەنێوخۆی عێراقدا هەن، مەترسییەکەش لە باشووری کەرکووک و زنجیرە چیای حەمرینە زیاتر.

هێزە عێراقییەکان لەناوچەیەک کە پێی دەڵێن(وادی زغێتوون) دەکەوێتە باشووری کەرکووک، هیچ هەفتەیەک تێناپەڕێت هێزە ئەمنییەکان بۆردوومانی داعشی تێدا نەکەن.

نەشئەت شاوێس، لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت: داعش کۆتایی پێنەهاتووە، دەشڵێت: لە دەورووبەری کەرکووک، لە ناوچەکانی( وادی زغێتوون و وادی خەناجیر و پردی عەواشرە) هەموو ئەو خاڵە سەربازیانەن کە سووپای عێراقییان لێیە، لەو شوێنەن جموجۆڵی سەربازیی سەربازیی هەیە و ئۆپەراسیۆنی سەربازیشی لێ ئەنجام دەدرێت.

هێزەکانی سووپای عێراق لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە باشووری کەرکووک ئەنجامدا..

شوان محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: شانەی ئەمنی عێراق ڕایگەیاندووە کە شەوی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەرکەووتیان کردووە و چەندین داعشیان لە ناوچەکانی خوارووی حەیجە و حەمرین کوشتووە، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە ناوچەیەکی فراوانیان بەدەستەوەیە لەڕووی جوگرافیاوە.

هەرچەند سووپای عێراق لەسەر سنووری بڵاوەیان پێکراوە و ترس لە هاتنە ناوەوەی داعش دەکرێت بۆ عێراق، بەڵام مەترسییەکانی داعش لەنێوخۆی وڵاتەکە سەریهەڵداوە و جموجۆڵ و چالاکیی چەکدارانی داعش بەردەوام لە داقوقەوە تاکو زنجیرە چیای حەمرین هەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment