بەهۆی قەیرانی وزە، سەدا 14ـی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران کەمی کردووە

قەیرانی وزە لە ئێران بەردەوامە و بەهۆی دابیننەکرانی سووتەمەنییەوە، 80 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کار کەوتوون و توانایی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەم وڵاتە هەشت هەزار مێگاوات کەم بووەتەوە.

لەگەڵ ئەو شەپۆلە سەرمایەی ڕووی لە ئێران کردووە، قەیران لە دوای قەیران بەرۆکی ئەم وڵاتە دەگرێت.

 ئاژانسی تەسنیمی ئێران ڕایگەیاندووە "لە کۆی 600 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، 80 وێستگە بە هۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە لەکار کەوتوون. ئەم وێستگانەی لەکار کەوتوون، هەشت هەزار مێگاواتیان بەرهەم دێنا کە ئەمەش نزیکەی سەدا 14ی کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو لە هەموو وێستگەکانی ئێرانە."

 بە هۆی کورتهێنانی غاز و کارەباوە، بـــۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە، قوتابخانە و فەرمانگە حکوومییەکان لە تاران و چەندان شاری دیکە داخران. بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی خوێندنی باڵاش بڕیاری داوە لە هـــەموو زانکۆکاندا تا کۆتایی ئەم کۆرسە، بە شێوەی ئۆنلاین وانەکانیان بخوێنن .

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران ڕایگەیاندوە "لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بەکارهێنانی غاز بۆ کەرتی نیشتەجێبوون گەیشتە باڵاترین ئاستی ئەمساڵ." گوتیشی: "ئەگەر سەرما هەروا بەردەوام بێت، بە تایبەت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کێشەی زۆر گەورە لە دابینکردنی غاز بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت."

لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد مەهدەوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی پیشەسازیی پێترۆکیمیا لە ئێران، ڕایگەیاندووە "بەهۆی کورتهێنانی غاز و نەبوونی سووتەمەنی، 12 کارگەی پێترۆکیمیا لە کۆی 68 کارگە لە کار کەوتوون." مەهدەوی، هۆی دابیننەکرانی غازی ئەم 12 کارگەیەی بۆ زۆربوونی بەکارهێنانی غاز لە کەرتی نیشتەجێبوون گەڕاندەوە.

وەزارەتی نەوتی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی غاز لە کەرتی نیشتەجێبوون بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، سەدا 17 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 600 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا کە ئەمەش سەدا 71ـی کۆی بەرهەمی غازی ئێرانە.