دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز دیمەشقی هەژاند

یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، مێدیاکانی سووریا بڵاویان کردەوە، تەقینەوەیەک لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی سەردەمی ڕژێمی ئەسەد ڕووی داوە.

ڕۆژنامەی وەتەنی سووری لەسەر زاری بەرگری شارستانیی دیمەشق بڵاویکردووتەوە، گوایە دوکەڵێک چڕ لە ناوچەی مەزە فیلات لە ڕۆژئاوای دیمەشق بەرزبووەتەوە، بەڵام تیمە تایبەتمەندەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئەوەی بزانن سەرچاوەی تەقینەوەکە چی بووە.

هەروەها کەناڵی فەرمی سووریا لە زاری چەند شایەدحاڵێک بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوەکە لە نزیک ناوچەی سەیدە زەینەب بووە و بەهۆی بەهێزییەکەوە دەرگا و پەنجەرە زۆربەی خانووەکانی دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق هەژاوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە بوونی قوربانیان یان ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێدا بووە، بڵاو نەکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەیەوە چەند سەرچاوەیەکی دیکە بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوەکە دەنگێکی بەهێزی هەبووە و گوایە، بەهۆی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بووە کە جبەخانەیەکی سوپای ڕژێمی ڕووخاوی ئەسەدیان بۆمباران کردووە.