ساڵیادی دامەزراندنی ئەو سوپایەیە کە چەندان تاوانی گەورەی دژی گەلی کورد کردووە
104 ساڵ بهسهر دامهزراندنی سوپای عێراقدا تێ دهپهڕێت؛ ئهم سوپایه لهوهتهی دروست بووه، بهشداریی چهندان شهڕی كردووه و تاوانی گهورهی له دژی ههرێمی كوردستان کردووە.
بەپێچەوانەی سوپای وڵاتانی جیهان، سوپای عێراق هیچ کاتێک نەیتوانیوە ببێتە سوپایەک گوزارشت لە ویستی تەواوی گەل بکات و ببێتە هۆکارێکیش بۆ سەقامگیریی وڵات. بەدرێژایی مێژووی عێراق، دەسەڵاتداران، سوپایان بۆ مەبەست و مەرامەکانی خۆیان بەکارهێناوە و زۆترین جار، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکان ناوخۆ، دەستێوەردانی کردووە؛ ئەمەش وایکردووە، هەمیشە سوپا بەشێک بێت لە کێشە و ناکۆکییەکان نەوەک چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و پێکهێنانەوەی سوپا، عێراقییەکان بە کورد، شیعە و سوننەوە لایان وابوو، ئیدی سوپا دەبێتە هۆکارێک بۆ یەکخستنی پێکهاتەکان و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی عەسکەرتارییەتی لەو وڵاتدا. بەڵام، هەر زوو دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لە ساڵی 2012 دا، لە ڕێگەی جووڵاندنی سوپا هەوڵیان دا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی بکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەروەها لە 2013 دا، بەبیانووی جیاجیا، سوپایان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی سوننەکان بەکارهێنا و لە ئەنجامدا چەندان کەس لە ناوچە سوننە نشینەکان کوژران و بریندار بوون.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری عێراق، سوپا بۆی نییە دەستێوەردان لە کێشە سیاسییە نێوخۆییەکان بکات و دەبێت بێلایەن بێت، بەڵام ئەو سوپایەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کورد ڕۆڵێکی گەورەی لە بوونیادنانەوەیدا هەبوو، جارێکی دیکە لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا لە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا تێوەگلا و هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و داگیری کرد؛ لە ئەنجامیشدا چەندان کەس کوژران و برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی بەهەزاران کەسیش لەو ناوچانە، لە ترسی تۆڵەکردنەوە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.