لە هێرشێکی چەکداریدا ژمارەیەک ئیسرائیلی کوژران و بریندار بوون

وێنەی ئەو پاسەی هێرشی کرایە سەر
وێنەی ئەو پاسەی هێرشی کرایە سەر

دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، میدیایەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لە باکووری کەرتی ڕۆژاوا، تەقە لە پاسێک کرا، لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە "لە کاتی هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر پاسێک لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا، سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون."

ئاماژەی بەوەش کرد "هێرشەکە کراوەتە سەر پاسێک لە نێوان پۆندۆک و کیدۆمیم لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا."

کەناڵ 13 ئەوەشی ئاشکرا کرد "چەکدارەکان بەو ئۆتۆمبێلەی هێرشەکەیان پێ کردووە، هەڵاتوون بۆ ناوچەی نابلس."

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی فریاگوزاریی کە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون بۆ چارەکردنی سەرەتایی بریندارەکان، گوتیان: "لە هێرشەکەدا، جگە لە کوژرانی سێ کەس، 6 کەسیش بریندار بوونە."