شاندی دەم پارتی و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ کۆ بوونەوە

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ

دووشەممە، 06-01-2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە، لەگەڵ ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە کۆ بووەوە. 

ئەو شاندە کە لە ئەحمەد تورک، سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێک هاتووە؛ پێشتر سەردانیی ئیمراڵییان کردبوو و  چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کەوتبوو.

وا بڕیارە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، شاندی دەم پارتی بچێتە پەرلەمانی تورکیا و بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و سەعادەت کۆ ببێتەوە. 

هاوکات، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 07-01-2025، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا و دواتریش سەردانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن ڕەفا بکات. 

 ڕۆژەڤی سەرەکیی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. شاندەکەی دەم پارتی دەیەوێت ناوەرۆکی سەردانەکەیان بۆ گشت لایەنە سیاسییەکان ڕوون بکاتەوە، تاوەکوو کۆدەنگییەکی تەواو لە پەرلەمانەوە هەبێت. 

هەرچی لەبارەی جەهەپەشە، کاتی دیدارەکە دیار نییە و  ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەیاندا پرسی پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی تاوتوێ دەکەن.  

ئەو شاندەی دەم پارتی پێشتر، ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."