سەرۆکی فەرەنسا دڵنیایی دەداتە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان
سەرۆکی فەرەنسا دڵنیایی دەداتە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: لە سووریا پشت لە کورد ناکەین.
دووشەممە، 06-01-2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتاری کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، باسی لە دۆخی ئێستەی سووریا، شەڕی غەززە، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و چەندان پرسی دیکە کرد.
سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارەکەیدا بەڵێنی دا "پشت لە کوردانی سووریا ناکەین و هاوسۆز دەبین لەگەڵیان." وەکوو خۆی گوتی: "کوردەکان ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە."
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی سووریاش، ماکرۆن دووپاتی کردەوە "فەرەنسا لە پرۆسەی دوورمەودای ڕاگوزەری سووریادا یاوەر دەبێت تاوەکوو سووریایەکی ئازاد و سەروەر کە ڕێز لە فرەچەشنی نەتەوەیی و سیاسی و تائیفی خۆی بگرێت؛ دابمەزرێنرێت."
ماکرۆن لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئالنگاریی سەرەکیی ستراتیجی و ئەمنییە بۆ فەرەنسا، ئەوروپییەکان و هەموو ناوچەکە."