هێزە ئەمنییەکان ماڵی مام جەلالیان لە دیمەشق پشکنی

هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق، ماڵی مام جەلال تاڵەبانیان لە گەڕەکێکی ئەو شارە  پشکنی، دراوسێیەکی کۆنی مام جەلالیش دەڵێت: هەر ماڵێک گومانی لێ بکرێت، هێزە ئەمنییەکان پشکنینی بۆ دەکەن.

لە گەڕەکی مەزڕەعەی دیمەشق، ماڵی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مام جەلال تاڵەبانی لە شوققەیەکە، دوێنێ ئاسایشی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ پشکنینی بۆ ماڵەکانی نێو باڵەخانەی شوققەکان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا پشکنینی بۆ ماڵی مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراقیش کرد.

یەحیا نەسرەدین، گوتی: ماوەی سێ ساڵ دراوسێی مام جەلال بووم لەو شوققانەدا، دوێنێ هێزەکانی ئەمنی هاتن، کلیلی خانووەکەیان برد و پشکنینیان بۆ ماڵەکەی مام جەلال کرد، پێشتر کە قسەم لەگەڵ مام جەلال دەکرد، دەیگوت خەڵکی عێراقم.

یەحیا نەسرەدین دەڵێت: هەر ماڵێک نامۆ و جێی گومان بێت، هێزە ئەمنییەکان پشکنینی بۆ دەکەن، دەڵێت: مام جەلال پیاوێکی سیاسی و دیپلۆماسی بوو، پێشی 30 ساڵ لەو شوققەیە بووە و دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێکان هەبووە و سەردانی کردوون، ئەو کەسێکی باش و میهرەبان بوو.

دەشڵێت: پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەری نووسینگەکەی مام جەلال بەناوی(عەبدولڕەزاق) لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆر باش بوو، خۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سووریا دامەزراوە، پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە باش بێت.