گوتەبێژی دەم پارتی: کێشەی کورد بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت: دوای پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی(پەکەکە)، دەستمان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان کردووە لەگەڵ تەواوی پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا، دەمانەوێت ئەو دەرفەتەی بۆ ئاشتی لە تورکیا هاتووەتەوە پێشەوە، لەدەستی نەدەین و هەموو تورکیا لێی سوود مەند بێت، دەشڵێت: ئێستا پرسی کورد، پرسێکی نێودەوڵەتییە و لە سنوورێک تێپەڕیووە.
دووشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2025، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە هەست کردن بە بەرپرسیارەتی و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە، لەپێناو دانووستانێکی دیموکراسیانە و بۆ ئاشتی لە تورکیا، ڕێکاری پێویستمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بزانین لە قۆناغەکانی ئایندە چی بکەین، هەر لەو چوارچێوەیەدا نەخشەڕێگەیەکی تەواو واقعیانەمان هەیە.
ئایشەگول دۆغان گوتی: لەدوای ساڵی 1999ـەوە کە گۆشەگیرییەکی تەواو بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە سەپێنرابوو، نەماندەتوانی بەهیچ شێوەیەک قسەی لەگەڵ بکەین و پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەبێت، دوای ئەوەی ئۆجەلان لەگەڵ شاندی دەم پارتی، سرەی سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەم دواییانە کۆبووەوە، پەیامێکی لە حەوت خاڵدا بڵاو کردەوە، هەر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا دووپات لەوە دەکەینەوە، پرسی کورد لە تورکیا گرنگترین پرسە، نەوەک بەتەنها بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە.
ئایشەگول دەڵێت: پێشهاتەکانی سووریا پێمان دەڵێت:" کێشەی کورد بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی، کورد ئێستا پێناسەیەکی دیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا داوامان لێدەکات، هەموومان دەست بە ئاشتی و دانووستاندنی دیموکراسیانە و کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیی بکەین، ئەمە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ تورکیا، دەشڵێت: عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دوورگەی ئیمراڵی کردووەتە دوورگەیەک بۆ دۆزینەوەی ئاشتی، ئامادەیی خۆشی بۆ ئاشتی و هاوبۆچوونی لەگەڵ دەم پارتی نیشاندا بۆ پرسی ئاشتی.
دۆغان دەڵێت: ئێستا ترافیکێکی سیاسی هەیە، دەم پارتی ژمارەیەک کۆبوونەوە و سەردانی بۆ لایەنەکان هەیە لەپێناو گۆڕینەوەی ڕاو بۆچوونەکان، بوونی ئەگەری دووبارە ئاشتی وێنەیەکی زۆر جوانە لە تورکیا، ناکرێت ئەو پرسە تەنها لە دەسەڵاتی تەنها لایەنێک بێت، چونکە ئاشتی پەیوەستە بە هەموو خەڵکی تورکیا، بۆچوونەکان لەو کۆبوونەوە و سەردانانە کۆ دەکرێتەوە، دوای تەواوبوونی سەردانەکانیش، ڕاگەیاندراوێک وەکو دەم پارتی بڵاو دەکەینەوە.
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت: ئێستا قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە و پێویستمان بە پاڵپشتی هەموو لایەک هەیە، داوا لە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بێن و دەستیان بخەنە نێو دەستی یەکتر لەو پرۆسەیە، پێکەوە کار بکەین لەپێناو ئاشتی بۆ تورکیا، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، چونکە کێشەی کورد زۆر گەورەیە، نابێت کەس خۆی لەو پرۆسەیە بەدوور بگرێت، پرۆسەکە تەنها سوودی بۆ دەم پارتی نییە، بەڵکو سوودی بۆ تەواوی تورکیایە و کاریگەرییەکانی بەسەر تەواوی وڵاتەکەدا هەیە، دەم پارتی دەیەوێت تورکیا براوەی ئەو پرۆسەیە بێت.