سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەستی لەکار کێشایەوە

جەستن ترودۆ
جەستن ترودۆ

جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

جەستن ترودۆ ئاشکرای کرد، بە ڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاری گشتی، گەیشتووەتە ئەو ڕایەی وەک سەرۆک وەزیران دەست لەکار بکێشێتەوە، هاوکات دەست لە حزبەکەشی وەک سەرۆک بکێشێتەوە، بەڵام لە پۆستەکەی بمێنێتەوە تاکوو جێگرەوەیەکی بۆ دیاریی دەکرێت.

ترودۆ دەڵێت:"پێویستمان بە خولێکی نوێی پەرلەمان هەیە، هەر لەبەر ئەوەش کارەکانی پەرلەمانی تا 24ـی مانگی ئادار ڕاگرت، دەشڵێت: کەنەدا پێویستی بە کەسێک هەیە شایەنی بێت.

بەپێی نوێترین زانیارییەکان، پێیر پۆلیڤەر لە پارتی پارێزگارانی کەنەدا، بەهێزترین جێگرەوەیە بۆ شوێنی جەستن ترودۆ، ئەگەر ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بباتەوە، ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە پۆلیڤەر دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی کەنەدا.

بڕیاری دەستەلەکارکێشانەوەی ترودۆ بەهۆی ئەو فشارانە بووە لەلایەن حزبەکەیەوە کراوەتە سەری بەر لە هەڵبژاردنەکانی  پەرلەمان کە ئاستی جەماوەریی حزبەکەی بەپێی ئەو ڕاپرسییەی لەماوەی دواییدا کراوە، دابەزیووە.