ئەردۆغان: هەڕەشەی هەسەدە و پەکەکە بەردەوام بێت شەوێک لەپڕ دەچینە سووریا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، هەر هەڕەشەیەک لەلایەن هەسەدە و پەکەکەوە بۆ سەر یەکپارچەیی سووریا دروستبێت، شەوێک لە ناکاو دەچنە سووریا. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەگەر لەبارەی یەکپارچەیی خاکی سووریاوە هەست بە مەترسی بکەن، لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە شەوێک لە ناکاو دەچنەوە ناو خاکی سووریا. 

لەبارەی قۆناغی ئاشتیش رایگەیاند، ئەگەر ڕێگری لە قۆناغی نوێ بکرێت، بە مستی ئاسنینەوە وەڵام دەدەنەوە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی:گەیشتن بە تورکیای بێ تیرۆر گرنگترین ئامانجی ئێمەیە، پشتبەستن بە تیرۆر و سیاسەتکردن رێگەپێدراو نییە و ناشبێت، گوتیشی: لە هیچ وڵاتێکی شارستانیدا ڕێگە بەمە نادرێت. 

سەرۆک کۆماری تورکیا کە ئێستا ترسی لە ئەگەری گۆڕانکارییەکانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئاماژەی بەوە کرد، لە سووریا و تەواوی ناوچەکە قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە، چاوەڕوانیان ئەوەیە، سووریا یەکپارچەیی خاک و سەروەریی خۆی بپارێزێت، گوتیشی: رێگە نادەین ئەو وڵاتە دابەشبێت، هەر مەترسییەک لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا ببینین، هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر.

ئەردۆغان دووپاتی لەوە کردەوە کە پێویستە تیرۆریستان چەکەکانیان بنێژن، بەپێچەوانەوە جارێکی دیکە شەوێک لە ناکاو دەچینە سەریان، گوتی: رژدین لە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، ئەگەر بەربەست بی بخرێتە بەردەم ئەو هەوڵە، ئەوکات دەستەوانەی نەرمی سەر مستی ئاسنینمان دادەنێین و خۆمان لە بەکارهێنانی بەدوور ناگرین، باوەڕمان وایە لە کۆتاییدا برایەتی و یەکێتی و پێکەوەیی سەردەکەوێت".