ئوردن: ئامادەین کارەبا و گاز بۆ سووریا دابین بکەین

وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، پشتگیریی لە بنیاتنانەوەی سووریا دەکەین، هەروەها هەماهەنگیش دەبین لەگەڵیان بۆ ڕێگریی لە خۆ ڕێکخستنەوەی داعش.

سێشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2025، شاندەکەی سووریا لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە، سەردانی ئوردنیان کرد و لەگەڵ ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبوونەوە، لە دیدارەکەیاندا باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوە داعش و قاچاخچیەتی و  چەند پرسێکی دیکەی گرنگ کرد.

وەزیری دەرەوەی ئوردن لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ڕایگەیاند: "پشتگیریی لە بنیاتنانەوەی سووریا دەکەین، ئامادەین کارەبا و گاز بۆ ئەو وڵاتە دابین بکەین".

ئەیمەن سەفادی گوتیشی:'  "بە هەماهەنگی لەگەڵ سووریا ڕیگری لە خۆ رێکخستنەوەی داعش و قاچاخچیەکانی ماددەی هۆشبەر دەکەین".

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئاماژە بەوەش کرد،  "هاوکاردەبین لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سووریا و یارمەتیشیان دەدەین تاوەکوو  خۆیان رێک دەخەنەوە"، داواشی لە ئەمەریکا کرد سزاکانی سەر سووریا هەڵگرێت.

لای خۆشیەوە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "دەرفەتێکی جیددی هاتووەتە پێش بۆ دروستکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە."

ڕۆژی یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، شاندێکی سووریا کە پێک هاتوون لە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بەسەردانێکی فەرمی گەیشتنە قەتەر، دواتریش سەردانی هەریەک لە ئیمارات و ئوردنیان کرد.