چەتینەر چەتین: مەسرور بارزانی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بگێڕێت

ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی سیاسەتی ئەمنی ڕۆژنامەی هەبەرتورک دەڵێت: بێ کورد هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت و تورکیاش ناتوانێت بێ هەرێمی کوردستان، کێشەی کورد چارەسەر بکات.
سێشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2025، چەتینەر چەتین، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی سیاسەتی ئەمنی ڕۆژنامەی هەبەرتورک بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەردانی مەسرور بارزانی گرنگە، چونکە دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بگێڕێت.
چەتینەر چەتین گوتی: پێشوازیی کردنی هاکان فیدان لە مەسرور بارزانی لە ماڵەکی خۆی، پەیامێکی گرنگە، دەزاندرێت کە بێ کورد هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت، دەڵێت: پەیامی تورکیا ئەوەیە بەیەکەوە دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە تورکیا ناتوانێت بێ هەرێمی کوردستان پرسی کورد چارەسەر بکات.
ئەو ڕۆژنامەنووسەی هەبەر تورک پێی وایە، مەسرور بارزانی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بگێڕێت، دەشڵێت: سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیا باوەڕێکی گەورەیان بە مەسرور بارزانی هەیە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا، چەتینەر گوتی: تورکیا ناچارە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام چارەسەری یەکلایەنە ناکرێت.
ڕۆژنامەوانەکەی هەبەر تورکیا پێی وابوو، پەیەدە داخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکە جێبەجێ دەکات، دەڵێت: پەیەدە و هەسەدە دەبێت بیسەلمێنن نابنە مەترسی بۆ سەر تورکیا.
کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، له كۆبوونهوهكهدا، گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.