ناوبژیوانانی عێراق ئامادە نین بەو دۆخە یارییەكان بەڕێوە ببەن

عەدنان درجاڵ: دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم پێشخستنمان دروست بكەن

جەعفەر لیڤەرپوولی ئەو هاندەرەی ناوبژیوانەكەی یاریی كەربەلا و دهۆكی زامدار كرد
جەعفەر لیڤەرپوولی ئەو هاندەرەی ناوبژیوانەكەی یاریی كەربەلا و دهۆكی زامدار كرد

ئەو بەردەی جەعفەر لیڤەرپوولی لەنێو هاندەرانی كەربەلاوە گرتییە یاریزانێكی یانەی دهۆك وای كرد یارییەكانی ئەمڕۆ و سبەی خولی ئەستێرەكانی عێراق دوا بخرێت، لە بەرامبەردا عەدنان درجاڵ لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئۆنلاین لەگەڵ ناوبژیوانەكان كۆبووەوە و ڕایگەیاند كەسانێك دەیانەوێت بەربەست بۆ پێشخستنی خولی ئەستێرەكانی عێراق دروست بكەن.
لە خولەكی زیادكراوی كۆتایی یاریی نێوان كەربەلا و دهۆك كە بە سەركەوتنی هەڵۆیەكانی بادینان كۆتایی هات، هاندەرێكی كەربەلا پێش كۆتایی یارییەكە بە ناوی جەعفەر لیڤەرپوولی، بەردێكی بە ئاراستەی یاریزانانی دهۆك هاویشت، بەڵام بەردەكە بەر سەری حوسێن فەلاح، یاریدەدەری ناوبژیوانی کەوت و بەهۆیەوە ئەو ناوبژیوانە بە سەختی زامدرا بوو و بەخێرایی ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا و بە 11 تەقەڵ سەری دوورایەوە و تا بەرەبەیانیش لەژێر چاودێری چڕی پزیشكاندا بووە.
ئەم هاندەرە، كە بە جەعفەر لیڤەرپوولی ناسراوە دوای ئەو ڕووداوەی یاریی كەربەلا و دهۆك دەستگیر كراوە و ئێستا لە بەندیخانەیە و چاوەڕێ دەكرێت لە دادگا سزایەكی توند بەسەر ئەو هاندەرەدا بسەپێت.
ئەم هاندەرە ئەم كارەی كرد، 7 ساڵ پێش ئێستا جارێكی دیكە هاتووەتە نێو یاریگە و هێرشی كردووەتە سەر ناوبژیوانی ناوەڕاست، هاوكات ئەندامی دەستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراقیشە و پێشتر لە جامی نەتەوەكانی 2023ـی قەتەر بەهۆی ناسنامەی ساختەوە رێگەی یاریگەكانی لێ قەدەغە كراوە و ڕەوانەی عێراق كراوەتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە دوای ئەم ڕووداوە نووسراوێك بە ئیمزای بەشێكی زۆر لە ناوبژیوانانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بڵاو كرایەوە و وەكو پاڵپشتییەك بۆ حوسێن فەلاح ی ناوبژیوان بڕیاریاندا بایكۆتی یارییەكان بكەن.

بەڵام عەدنان درجاڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە ئۆنلاین لە ڕێگەی زووم لەگەڵ بەشێكی زۆر لە ناوبژیوانان كۆبووەوە و بڕیاریان دا یارییەكانی چوارشەممەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ پێنجشەممە دوابخرێن، یارییەكانی پێنجشەممەش لە ڕۆژی هەینیدا بکرێن.
عەدنان درجاڵ ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی توند لەدژی ئەو كەسانە بەكار دەهێنین كە دەیانەوێت كێشەمان بۆ دروست بكەن، گوتیشی: كەسانێك زۆر هەوڵ دەدەن بەم كارە چەوتانە ڕێگە لە پێشكەوتنی تۆپی پێی عێراق بگرن.
ئەم ڕووداوەی یاریی كەربەلا و دهۆك وای كرد یارییەكانی ئەمڕۆی نێوان نەفتی بەسرە و نەورۆز لەگەڵ یاریی دیالە و زاخۆ بۆ سبەی پێنجشەممە دوابخرێن، یارییەكەی هەولێریش بۆ ڕۆژی هەینی داهاتوو دوا خرا.