یاریزانانی بارسێلۆنا و بلباو وەڵامی كوردستان24 دەدەنەوە
ئینگۆ مارتینێز بەرگریكاری بارسێلۆنا بۆ كوردستان24: لەپێناو بردنەوەی ئەو ناسناوە دەجەنگین
لە دوای بردنەوەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتڵێتیک بلباو لە سوپەری ئیسپانیا، بەشێک لە یاریزانانی هەردوولا وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری كوردستان24یان دایەوە، ئینگۆ مارتینێز بەرگریكاری بارسێلۆنا رایگەیاند لەپێناو بردنەوەی ئەو ناسناوە دەجەنگن.
دوای ئەوەی لە یاریی پێشكۆتایی جامی سووپەری ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا بە دوو گۆڵی بێوەڵام شكستی بە ئاتڵێتیك بلباو هێنا، میكێل ڤێسكا یاریزانی بلباو لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند ئەو شكستە زۆر ئازاربەخش بوو، گوتیشی: راستە بارسێلۆنا بە ئەنجام لە ئیمەیان بردەوە، بەڵام ئێمە یارییەکی باشمان کرد، دوای گۆڵەکان چەندین هێرشی باشمان برد و دەرفەتی گۆڵمان هەبوو، دەبوایە هەندیک وریاترباین بۆ ئەوەی مەترسی بارسێلۆنا بۆ سەر خۆمان دوور بخەینەوە، بەتایبەت لە گێمی دووەم ئێمە باڵا دەستبووین، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ بکەین.
میكێل ڤێسكا هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەوان بۆ ئەنجامی باستر هاتبوونە سعوودیە، دەشڵێت: بەداخەوە لەو یارییە دوو گۆڵمان رەتکرایە، ئەمەش کاریگەری خراپی هەبوو، هەرچەند دەمانویست لە یارییەکە باڵادەستبین، بەڵام گۆڵەکانمان راتکرانەوە، هەرچەندە تا کۆتایی یاریمان کرد و هەوڵماندا ئەنجامەكە راست بكەینەوە، بەس بەداخەوە نەمانتوانی دڵی هاندەرانی خۆمان خۆش بكەین كە هاوشێوەی هاندەرانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لێرە ئامادەبوون، هەرچەندە سەدان هاندەری دیكەشمان حەزیان دەكرد یاوەری ئێمەیان كردبا، بەس نەیانتوانی بەهۆی خەرجی زۆرەوە ئەو رێگا دوورە ببڕن، بۆیە داوای لێبوردنیان لێ دەكەین.
ولیامز: بە هەڵەیەكی بچووك یارییەكەمان لەدەستدا
ئینیاكی ویلیامز هێرشبەری یانەی بلباو لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند بەراستی نیگەرانن بەهۆی چەند هەڵەیەکی بچووک یارییەکەیان لەدەستدا، دەشڵێت: ئەوان نەیانتوانی یارییەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئێمە باش یاریمان کرد، بەڵام دەرفەتەکانمان نەقۆزتەوە، کاریگەری دەبوو گەر گۆڵەکەمان رەتـنەکرابایەوە، ئێمە بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی یاری زۆر باشبووین هێرشی زۆرمان برد.
هێرشبەرە دێرینەكەی بلباو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەم ئەنجامانە لە تۆپی پێ ئاساییە، ئێستا كاتی ئەوەیە کەمیک پشوو بدەین و دەست بە ئامادەکاری بۆ یارییەکانی داهاتوو بکەین.
ویلیامز گوتیشی: دەمانزانی یارییەکی قورس دەبێت و بارسێلۆنا هەوڵدەدات هێرشی جیاواز بکاتە سەرمان، بەڵآم ئێمە خۆمان بەدەستەوە نەدا و لەرووی خێراییەوە ئێمە باشتربووین، بەڵام رەتکردنەوەی گۆڵەکە بە جیاوازی چەند سانتیمێک ئەمە نیگەرانی کرد، بەهەرحاڵ لەبیری دەکەین، بیر لە جامی شای و یاری ئۆساسۆنا دەکەینەوە، ئێمە دەمانەوێت جامی شا بەدەست بێنین.
بەرگریكارەكەی بارسێلۆنا چی بە كوردستان24 گوت؟
ئینیگیۆ مارتێنیز بارسێلۆنا لە بەرسیڤێكی كوردستان24 ئەم یارییە زۆر جوان بوو، چونكە ئەنجامەكە بارسای بردە یارییەكی دیكەی كۆتایی، دەشڵێت: ئەم بردنەوەیە بۆ یانەکەمان زۆر گرنگبوو، چونکە ئیمەی لە نازناوێكی دیكە نزیك كردەوە، لە پێناو بەدەستهێنانی ئەم ناسناوە دەجەنگین.
ئەو بەرگریكارەی بارسێلۆنا جەختی لەوەش كردەوە كە بە ئاهەنگگێڕانەكەی دانی ئۆڵمۆ زۆر دڵخۆشبوون كە لەگەڵ ئەوان بەشداریی لە ئاهەنگەكە كرد، راستە ئەو کاتانە بۆ هەموومان جێگەی نیگەرانی بوون کە پێیدا رۆیشتووین، بەڵام ئێستا بە گشتی دڵخۆشین و چاومان لە پلانەکانی داهاتووە بۆ ئەوەی ناسناوەکە ببەینەوە.