تا دێت بازاڕی گواستنەوەی زستانە گەرمتر دەبێت

كیمیچ ئاراستەكەی لە بارسێلۆناوە بەرەو یانەیەكی پرێمەرلیگ دەگۆڕێت

دوو یاریزانەكەی بایرن میونشن جۆشوا كیمیچ دەقیژێنێت و هاری كەینی هاوڕێی سەیری دەكات
دوو یاریزانەكەی بایرن میونشن جۆشوا كیمیچ دەقیژێنێت و هاری كەینی هاوڕێی سەیری دەكات

بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ ئه‌وروپا گه‌رمه‌ و به‌پێی رۆژنامه‌كانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا ئاراوخۆ له‌گه‌ڵ یۆڤێنتۆس گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن و هه‌فته‌ی داهاتوو پشكنینی پزیشكی بۆ ده‌كرێت، مان سیتیش وه‌ك هه‌میشه‌ به‌دوای به‌هره‌مه‌نده‌كانی ئه‌مریكای لاتینه‌ و بایرن میونشنیش زیاتر پارێزگاری له‌ جه‌مال موسیالا ده‌كات.

گرێبەستی ئاراوخۆ بۆ یوڤێنتوس یەکلایی دەبێتەوە
بۆ گواستنەوەی رۆناڵد ئاراوخۆ، یوڤێنتوس لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتووەتە رێککەوتن و بەرگریکارە ئوروگاییەکە دەبێتە یاریزانێکی نوێی یوڤێ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا، هەردوو یانە لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون، خانمە پیرەکە لەگەڵ یاریزانەکەش رێککەوتووە و ئاراوخۆ هەفتەی داهاتوو گەشتی ئیتاڵیا دەکات و پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت.

بایرن شەڕی مان و نەمان بۆ مانەوەی موسیالا دەكات
بایرن میونشن لە نوێکردنەوەی گرێبەستی جەمال موسیالا نزیکدەبێتەوە، لە بەرامبەردا چەندان یانە هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.
رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای ئەڵمانیا، فلۆریان پلەیتنبێرگ بڵاویکردووەتەوە، جەمال موسیالا و بەڕێوبەری کارەکانی لەوبڕوایەدان تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات لەگەڵ بایرن میونشن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەگەنە رێککەوتن.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەمان سەرچاوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە یانەكانی ئارسێناڵ و پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد ئەو یاریزانەیان كردووەتە ئامانج.

كیمیچ ئاراستەكەی لە بارسێلۆناوە بەرەو لیڤەرپوول گۆڕیوە
رۆژنامەی بیڵد بڵاویکردووەتەوە، لەسەر داوای سڵۆت، لیڤەرپوول هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی جۆشوا کیمیچ، یاریزانی بایرن میونشن چڕکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بێت، لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی کیمیچ لە میونشن كۆتایی دێت و لیڤەرپوول گرنگی بە گواستنەوەی داوە، هەرچەندە میونشن گفتوگۆکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێکردووە، بەڵام لیڤەرپوول دەیەوێت ئەو یاریزانە لە چنگی بارسێلۆنا دەربێنێت، بەوپێیەی هانزی فلیك و بارسێلۆنا لەبارەی گواستنەوەی كیمیچ گفتووگۆیان كردووە، بەڵام كیمیچ بڕیاری داوە چیتر چاوەڕێی بارسێلۆنا نەكات و ئۆفەرەكەی لیڤەرپوول سەرنجی راكێشاوە.

ئەستێرەیەكی بەرازیلی رازیبووە بچێتە مان سیتی
تۆڕی ئاتڵێتیک بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی لەگەڵ بەرگریکاری یانەی پاڵمێراس، ڤیتۆر ریز گەیشتووەتە رێککەوتن و یاریزانە 18 ساڵانییەکە رازیبووە پەیوەندی بە سیتیزنس بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە بەریتانییەکە گفتوگۆی نێوان یانە ئینگلیزییەکە و پاڵمێراس بەردەوامە و بەرەوپێش دەچن. بەهای یاریزانەکە لە بۆڕسەی یاریزانان 25 ملیۆن پاوەندە.
یانە بەڕازیلییەکە دەیەوێت تاوەکو دوای یارییەکانی جامی جیهانی یانەکان پارێزگاری لە یاریزانەکە بکات، بەڵام مان سیتی دەیەوێت لەم مانگە یاریزانەکە بگوازێتەوە.