کالاس: وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا گفتوگۆ دەکەن

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کایا کالاس ڕایگەیاند: بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆتایی ئەم مانگە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆ دەبنەوە.
یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەو کاتەی بەڕێگاوە بوو بۆ ئامادەبوون لە گفتوگۆکانی ڕیاز لەبارەی سووریا، گوتی: هیوادارم بتوانین لەو کاتەدا چەند بڕیارێک دەربکەین لەبارەی ئەو کارانەی دەتوانین بیکەین.
هەفتەی ڕابردوو، گێیر پیدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا گوتی: پێشوازیی لەهەر هەوڵێكی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سووریا و دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە دەکەین.