فوئاد حوسێن: داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر ناوچەکە

داعش
داعش

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت: دۆڵی حۆران لەنێوان ئەنبار و دەرعا بووەتە ڕێڕەوی داعش، دەشڵێت: داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر ناوچەکە.

یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا گوتی: داعش لەسنووری سووریادا لەگەڵ عێراق بوونی هەیە و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، لەگەڵ ئەوەی چەکەکانی دەستیان پێشکەوتووتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق لەو گوتەی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا لە ڕیازی پایتختی سعوودیە پێشکەشی کرد، نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و هێزەکان لەو ناوچانە هەن کە زیندانی گەورەی داعشی تێدایە، دەڵێت: ئەگەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە هەیە 10 هەزار داعشی نێو ئەو زیندانانە ئازاد بن، سەرباری کەمپی هۆلیش کە مەترسی زۆر گەورەن.

فوئاد حوسێن پرسیاری لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد، ئەگەر داعش کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکات چی ڕوودەدات، دڵنیایی دا لەوەی چەکدارەکان دێنە نێو عێراق و وڵاتانی دیکەش.