سوپای ئیسرائیل: لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی حووسییەکان 11 کەس بریندار بوون

وێنە؛ ئەرشیف
وێنە؛ ئەرشیف

 حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، بۆمبارانی پێگەیەکی گرنگیان لە یافا کردووە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند "بە مووشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیک پێگەیەکی گرنگی ئیسرائیلمان لە یافا بۆمباران کرد."

لە تشرینی دووەمی 2023وە حووسییەکانی یەمەن، وەک پشتیوانییەک لە غەززە و گەلی فەڵەستین، هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان یان ئەو کەشتیانەی لە دەریای سووردا بۆ ئیسرائیل دەڕۆن. 

لەبەرامبەردا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێک هێنا بۆ چۆنییەتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حووسییەکان و بە فڕۆکە چەندان هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن. جگە لەوەش سوپای ئەمەریکا سەربەخۆ هێرش دەکاتە سەر حووسییەکان.

 سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە "لەوە دەچێت مووشەکەکەی حووسییەکان هەر لە ئاسمانەوە تەقێنراوەتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، یەکەی فریاکەوتنی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە "هیچ لە بریندارەکان بە هۆی پارچەی مووشەکەوە بریندار نەبوونە، بەڵکو لە ئەنجامی پاڵەپەستۆ بۆ خۆ گەیاندنە پەناگەکان، 11 کەس بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە."