پزیشکیان هۆشداریی دەداتە ترەمپ

وێنە ئەرشیف
وێنە ئەرشیف

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا ڕۆژی سێشەممە لە لایەن کەناڵی تەلەفزیۆنی "ئێن بی سی نیوز" پەخش کرابوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە مەترسیی "شەڕ" دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە تاران "بەدوای" بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە.

سەرۆکی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵەکە گوتی: هیوادارم ترەمپ ببێتە هۆی ئاشتی ناوچەیی و جیهانی و بە پێچەوانەوە بەشداریی لە خوێنڕشتن یان شەڕدا نەکات.

ئەم هۆشدارییە کەمتر لە هەفتەیەک پێش دەستبەکاربوونی 47مین سەرۆکی ئەمەریکا دێت.

واشنتن و تاران ماوەی 45 ساڵە پەیوەندیی دیپلۆماسییان نییە، ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا چەندان جار داوای لە ئیسرائیل کرد، هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

کاربەدەستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە لە جنێڤ لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراو لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا گفتوگۆیان کرد و هەردوولا گفتوگۆکانیان بە ڕاشکاوی و بنیاتنەر وەسف کردووە.

سەرۆک کۆماری ئێران بەرگریی لە سیاسەتی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا کردوومانە ئاشتیانە بووە، ئێمە بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا نین، بەڵکو ئەوان تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی هەوڵی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی دەدەن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا "دانوستانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ" دەبێت؟ پزیشکیان گوتی: "کێشەکە لە گفتوگۆدا نییە، کێشەکە لەو بەڵێنانەدایە لە گفتوگۆکانەوە سەرهەڵدەدەن، کە لایەنی بەرامبەر بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و ڕێزی لە بەڵێنەکانی ناگرێت."

ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی کە ئێران لە ساڵی 2015 لەگەڵ فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، چین، ڕووسیا و ئەمەریکا کردی، مەرجی سەپاندنی چاودێری نێودەوڵەتی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا لە بەرامبەر سووککردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەریدا دانابوو، میکانیزمێک لەخۆدەگرێت ڕێگە بە دووبارە سەپاندنی سزاکان دەدات.

دوای 10 ساڵ لە چوونە بواری جێبەجێکردنی، کاریگەرییەکانی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ساڵی 2015ـی تێدابوو کە لە ئۆکتۆبەری 2025 کۆتایی دێت.