بلینکن: نەخشەڕێگەیەکمان بۆ دوای شەڕی غەززە ئامادە کردووە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست، نەخشەڕێگەیەکمان ئامادە کردووە و ئیسرائیل بە کشانەوە لە کەرتی غەززە پابەند دەکات و ڕێگەش لە خۆ ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی حەماس دەگرێت. گوتیشی: ئەو نەخشەڕێگەکە پێشکەشی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کراوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە گوتارەکەیدا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەس لە واشنتن ڕایگەیاند "لە ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئامادەکاری جێبەجێکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغی دوای شەڕ دەکەین.

بلینکن زانیاری زیاتری لەبارەی نەخشەرێگەکەی خستووتە ڕوو و گوتی: ''چەندین مانگە، بە چڕی لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین لە پێناو داڕشتنی پلانێکی ورد بۆ دوای شەڕ، کە ئیسرائیل پابەند دەکات بە کشانەوەی لە کەرتی غەززە و ڕێگری دەکات لە خۆ ڕێکخستنەوەی حەماس، لەگەڵ ئەوەش ئاسایش و ئاوەدانی بۆ غەززە دەگەڕێنێتەوە".

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشنیازی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی فەڵەستینی چاکسازیخواز دەکات بۆ ئیدارەدانی کەرتی غەززە لە دوای ئاگربەست، بۆ ئەمەش پێشنیازی یەکخستنەوەی هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ دەکات لە ژێر چەتری دەسەڵاتێکی هاوبەش دا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ''تاوەکوو ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ وەڵامیان نەدایەتەوە ئایە نەخشەڕێگاکە جێبەجێی دەکەین یان نا"

ئەم لێدوانەی بلینکن لەکاتێکدایە کە شاندێکی باڵای ئیسرائیل لە قەتەرە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بامتە ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 کە تاوەکوو ئێستا لە دەستی چەکدارانی حەماس دان .