ئێران کەشتییەکی نوێی سیخوڕی دروست کرد

فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران ڕایانگەیاند، کەشتییەکی هەواڵگریان تایبەت بە هێزەکانی دەریای و بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی دروست کردووە.
شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، بە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی ڕایانگەیاند، ''لە چوارچێوەی فراوانکردنی مەشقەکانی سوپای پاسداری ئێران لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کەشتییەکی چاودێری و سیخوڕی ئەلیکترۆنی دروست کردووە.''
فەرماندەیی هێزی دەریایی ئێران ڕاشیگەیاندووە، ''ناوی کەشتییەکەیان ناوە (زاگرۆس)، کە تایبەتە بە چاودێریی دەریایی و بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.''
هەروەها دووشەممە13ی ئەم مانگە، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، 1000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕادەستی سوپای ئێران کراوە، لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمەریکای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەکات.
لە تشرینی یەکەمی 2024، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، ''پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە بۆ زیاد کردنی 200% بودجەی سەربازی وڵاتەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان.''