هەر یەک لە ئیسرائیل و حەماس ئاگربەست بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن

دواجار و دوای کوشتار و وێرانکارییەکی زۆر، حەماس و ئیسرائیل لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێککەوتن.
هەردوولا ئاگربەستەکە بە سەرکەوتن دەزانن، لە کاتێکدا ئەو ئامانجانەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە هەیان بووە هیچکامیان بە تەواوی بەدەست نەهاتوون، جگە لە ماڵویرانی و کوشتارێکی زۆر.
دوای زیاتر لە 15 مانگ لە شەڕی خوێناوی و سەخت، ئیسرائیل و حەماس ڕێککەوتن و 19ـی ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی ئاگربەست دەست پێ دەکات.
ئاگربەست بۆ سێ قۆناغە، لە قۆناغی یەکەمدا حەماس 33 بارمتە و ئیسرائیل 2 هەزار زیندانی ئازاد دەکەن هەروەها لە ناوچە قەرەباڵغەکانی غەززە دەکشێنەوە.
حەماس و ئیسرائیل ئەم ڕێککەوتنە بە سەرکەوتن دەزانن، حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و لە پێناو زیاترنەبوونی ژمارەی قوربانیانی غەززە، ئاگربەستیان پەسەند کردووە.
خەلیل حەییە، بەرپرسی دانوستانکاری بزوتنەوەکەش دەڵێت: "هەرگیز قوربانیدانی خەڵکی فەڵەستین لەیاد ناکەن و لێشی خۆشنابن."
بەرپرسی دانوستانکاری حەماس دەشڵێت: "ئیسرائیلیش ئازادکردنی بارمتەکان لە هەموو شتێک بە گرنگتر دەزانێت."
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: "ئەوە هەنگاوە ڕاست و گرنگەکەیە و هەنگاوێکی پێویستە و هیچ پابەندبوونێکی ئەخلاقی، مرۆیی، جوویی، یان ئیسرائیلی گەورەتر نییە لە گەڕاندنەوەی کوڕ و کچەکانمان بۆ لای خۆمان."