ئیسرائیل پەسەندکردنی ئاگربەست دوا دەخات

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەسەندکردنی ئاگربەست دوا دەخات بەبیانووی ئەوەی حەماس ڕێککەوتننامەکەی پێشێل کردووە، حەماسیش لای خۆیەوە ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند، ناچینە کۆبوونەوەی پەسەندکردنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی دیلەکان، تاوەکوو حەماس ئەو کێشانەی لە کۆتا ساتەکانی ئاگربەستەکە لە دوێنێ شەو دروستی کردوون، چارە نەکات.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەسەندکردنی ئاگربەست دوا دەخات بە بیانووی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە و ڕایگەیاند "ئەوان لە هەندێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەنەتەوە."

سامی ئەبو زوهری، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لێدوانەکانی ناتانیاهۆ ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند "لێدوانەکانی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێ بنەمان، هیچ پاشەکشەیەک لە ڕێککەوتنەکە لەلاین حەماسەوە نییە"

عیزەت شیق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی: ''حەماس پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە" 

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیار بوو حکوومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕێکەوتننامەکە پەسەند بکات.

ئێوارەی چوارشەممە، 15-01-2025، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر، ئەمەریکا و میسر، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، 19-01-2025، بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.