هەسەدە: بۆردومانەکانی تورکیا زیانێکی زۆریان بە بەنداوی تشرین گەیاندووە

بەنداوی تشرین
بەنداوی تشرین

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: بۆ دووەم ڕۆژە لەسەر یەک فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا خەڵکی سڤیل لە نزیک بەنداوی تشرین دەکەنە ئامانج و، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانن.

پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ماوەی دوو ڕۆژە فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا نزیک بەنداوی تشرین بۆردومان دەکەن کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و زیانی زۆریش بە بەنداوەکە گەیشتووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بۆردومانانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانن، ئاماژەی بەوەش کرد، کە تورکیا بەبێ هیچ ڕێگرییەکی یاسایی و مرۆیی بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە گەلی سووریا.

ئەو هێزانە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، هەڵوێستێکی جیددییان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکاریانە، هۆشداریشیان دا لە مەترسییەکانی بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی لە دەوروبەری بەنداوی تشرین.