به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ هۆشبه‌رەكان له‌ عێراق زیادیان کردووە

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەسەدا 20ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای ئەنبار زیادیانکردووە، ئاشکراشی دەکات به‌ "تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر هاورده‌ی عێراق ده‌كرێت"،ئەمەش مەترسی راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگە داناوە.

چالاکوانانی ئەنبار ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ماددەی هۆشبەر لەلایەن کەسانی دەرەوەی یاساوە بەتۆن دەهێنرێتە نێو عێراقەوە، پێویستە هەوڵەکانی بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە چڕتر بکرێنەوە.

بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەتایبەتی لەناو گەنجانی ئەنبار، بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی ئەو پارێزگایە.

بەگوێرەی ئامارەکان لەسەدا 20ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای ئەنبار زیادیان کردووە، حەبی کەپتاگۆنیش زۆرترین بەکارهێنانی هەیە وەک بەرپرسانی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر باسی دەکەن.

ئەمە وایکردووە، وەزارەتی تەندروستی لە روومادی و فەلوجە کلینیکی تایبەت بەپشکنینی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان بکاتەوە.

خالید سەکر، بەرپرسی کۆڕبەندی ئەندەلوس بۆ ئاسایشی مەدەنی  دەڵێت: ڕێژەی لەسەدا 20ـی توشبووانی مادەی هۆشبەر لە ئەنبار رێژەیەکی زۆر گەورە و مەترسیدارە، ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی خەڵک هۆشیار دەکەینەوە لە مەترسییەکانی ئەم ماددەیە و پێویستی ئەنجامدانی پشکنین.

بێتوانایی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان وایکردووە، دەیان قاچاخچی ماددەی هۆشبەر بێننە عێراقەوە، بە تایبەتی دەروازەی قائیم کە بەتۆن ماددەی هۆشبەری لێوە دەهێنرایە وڵاتەوە لەماوەکانی رابردوودا.

هاووڵاتیەکیش ئاماژە بەوە دەکات، ماددەی هۆشبەر لەلایەن کەسانی دەرەوەی یاساوە لەرێگەی سووریاوە بە تۆن دەهێنرێتە عێراق

سەباح تائی، چالاکوانیش دەڵێت: رووبەڕوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر پێویستی بە داخستنی تەواوەتی سنوورەکانە، پێویستی بەپشکنینی ورد  هەیە، هەروەها پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی هەیە، ئەمە لەگەڵ کارکردن لەگەڵ  لایەنی سووری بۆ رێگریکردن لێی.

لای خۆیانەوە و بەمەبەستی دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێزە ئەمنییەکان لە ئەنبار دەستیان بەسەر ملیۆنان حەبدا گرتووە چەندین قاچاخچیش سزداران.