بڕیارە ئەمڕۆکە ئیسرائیل ڕێککەوتننامەی ئاگربەست پەسەند بکات

بڕیارە ئەمڕۆکە کابینەی حکوومەتی جەنگی ئیسرائیل بۆ پەسەند کردنی ئاگربەستی شەڕی غەززە کۆبێتەوە و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش خانەوادەی بارمتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، تاوەکوو خۆیان بۆ پێشوازی لە ڕفێندراوەکان ئامادە بکەن.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2024، نووسینگەکەی ناتانیاهو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن شاندی دانوستانکارەوە ئاگادار کراوەتەوە کە ڕێککەوتن کراوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. 

هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆکە کابینەی حکوومەتی جەنگ بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە کۆبێتەوە، چونکە بنیامین ناتانیاهو پەیامی بەستنی کۆبوونەوەی بۆ ئەندامانی کابینەکەی ناردووە. 

ئەوەشی ئاشكرا کردووە، کە خانەوادەی بارمتەکان ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە کەسوکارە ڕفێندراوەکانیان بکەن.

پێشتر حکوومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران ڕێککەوتنی ئاگربەست پەسەندی بکات، ئەوا ئاگربەستەکە لە یەکشەممەوە جێبەجێ دەکرێت و ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ئیسرائیل بەرانبەر بە دەستگیرکراوانی فەلەستینی دەگرێتەوە، بەڵام مەرجەکانی ڕاگرتنی شەڕ قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دوێنێ هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست ڕێک بکەوێت، ئەوە لە حکوومەتی جەنگی ئیسرائیل دەکشێتەوە.