سوودانی گەڕایەوە بەغدا

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ بەرتیانیاوە هێنا و لە لەندەنەوە گەڕاوە بەغدا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەکە، سوودانی لەم گەشتەیدا چاوی کەوتووە بە شا چاڵزی سێیەم و دیداریشی لەگەڵ کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەک لە وەزیرانی بەریتانیا هەبووە، هەروەها سەرۆکایەتی شاندی عێراقی کردووە لە دانوستانەکانی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سوودانی هاتووە، لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندی بانکی ئەورووپی بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی سێ گەورە کۆمپانیای نەوت و وزە دیداری تایبەتی هەبووە، بە تایبەت لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم ڕێککەوتنی لەیەک گەیشتنیان ئیمزاکردووە.

هەروەها، سوودانی 12 یاداشتی لەیەک گەیشتنی لەگەڵ زانکۆکانی بەریتانیا ئیمزا کردووە، لەگەڵ بە دەستهێنانی 20 کورسی خوێندنی ماستەر لە تەواوی بوارەکاندا.