دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکاتەوە

 دەم پارتی ڕایگەیاند، پارتە سیاسیەکانی تورکیا ویستیان لەسەر چارەکردنی پرسی کورد هەیە و دیدارەکان بەردەوام دەبن، جەختیش دەکاتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی جارێکی دیکە لە زیندان سەردانی ئۆجەلان دەکەنەوە.

شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان و پارت و لایەنە سیاسییەکان بڵاوکردەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، شاندەکەی دەم پارتی دەڵێت: پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە چارە کردنی پرسی کورد ویست و ئیرادەیەی هاوبەشیان هەیە. 

ڕاشگەیاندووە، دیدارەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و دەستگیرکراوانی سیاسی بە ئامانجی دانوستان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بووە و سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانیش ئەرێنی و ئومێدبەخش بوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تێبینی سەرەکیی پارتە سیاسییەکان، شەفافیی پڕۆسەکە و چارەکردنی ناکۆکییەکانە لەنێو پەرلەمان، هەروەها دەم پارتی جەخت دەکاتەوە، سیاسەتی دیموکرات و پەرلەمان گونجاوترین مینبەرە بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا. 

ئاماژەی بەوەشداوە، چەواشەکارییەکان و مامەڵەی جیاکارانەی ڕاگەیاندنەکان لەمپەر دەخاتە بەردەم قۆناغی ئاشتی و بڕیاریان داوە لە نزیکترین کاتدا سەردانی عەبدوڵلا ئۆجەلان بکەنەوە.

28ی کانوونی یەکەمی 2024، شاندی دانوستانکاری دەم پارتی لە زیندانی ئیمرالی سەردانی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان کرد بە مەبەستی گفتوگۆ و تاوتوێی دەست پێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەلایەن خۆیەوە ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "توانا و ئیرادەم هەیە بۆ بەدەمەوە چوونی بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."