ئەحمەد جەربا: سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی کاریگەرە و بایەخی بە هەموو پێکهاتەکان داوە

سەرۆکی ڕەوتی غەد لە سووریا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت: سەرۆک بارزانی تەنیا بایەخی بە یەکڕیزی گەلی کورد نەداوە، بەڵکو بایەخی بە تەواوی پێکهاتەکان داوە.

ئەحمەد جەریا، سەرۆکی ڕەوتی غەد لە سووریا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی:" ئێمە وەکو کەسایەتییەکی مێژوویی سەیری سەرۆک بارزانی دەکەین، چونکە تەنیا بایەخی بە یەکڕیزی گەلی کورد نەداوە، بەڵکو  گرنگی بە تەواوی پێکهاتەکان داوە، قسەکانی لەسەر تەواویی پێکهاتەکان کاریگەرن". 

گوتیشی:" پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی لە ئاستێکی زۆرباش دان، هەروا جەنابیان هاندەرێکی سەرەکین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمە و ستراتیجی لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکان".

ئەم لێدوانەی ئەحمەد جەربا سەرۆکی ڕەوتی غەد لە سووریا لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، نوێنەری سەرۆک بارزانی، د.حەمید دەربەندی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای سووریا، دوای گەیاندنی پەیامی سەرۆک بارزانی بە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، گەیشتە بارەگای ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و لەگەڵ محەممەد ئیسماعیل سەرۆکی ئەنەکەسە و دەستەی ئەنەکەسە کۆبووەوە.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاویکردەوە. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.