ئێران و ڕووسیا ڕێککەوتنێکی ستراتیجی 20 ساڵە دەکەن

بڕیارە ئێران و رووسیا ڕێکەوتنێککی ستراتیژی واژوو بکەن، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە کۆشکی کرێملن لە مۆسکۆ.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025، بە سەردانێکی ڕاگەیەندراو گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادمێر پوتین سەرۆک ڕووسیا لە بارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ کۆدەبنەوە.
خۆشەوی محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: کاتژمێر10:15 بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مۆسکۆ نیشتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان ڕاستەوخۆ بەرەو کۆشکی کێرملن، بارەگای سەرەکی بووە و بڕیارە کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ کۆبونەوەی لوتکە دەست پێدەکات.
پەیامنێری کوردستان24، ڕاشیگەیاند: دوای دیدارەکەی نێوان هەردوولا، ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە ئیمزا دەکرێت، کە بۆ 20 ساڵ بەردەوام دەبێت و لە 47 خاڵ پێکهاتووە.
پێشووتریش سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاندبوو، ئەم ڕێککەوتنامە ستراتیجییە، هاوشێوەی رێککەوتنامەکەی ڕووسیا و کوریای باکوور، بۆ دژایەتیی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو گرنگی دانە، بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بواری خوێندن و وزە دا.