پوتین: گرنگی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران دەدەین

سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت: کۆبوونەوەمان لەگەڵ پزیشکیان بەرهەمدار بوو، هەروەها گرنگییەکی گەورە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران دەدەین. گوتیشی: لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا بەردەوام دەبین.
هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند: لەگەڵ پزیشکیان کۆبووینەوە و باسی چەند دۆسییەکی جیاوازمان کرد و لەسەر زۆرینەی پرسەکان هاوڕابووین.
سەرۆکی ڕووسیا، ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆکانمان بەرهەمداربوو، هەروەها ڕووسیا و ئێران هاوڕان لەسەر پاراستنی سەروەری وڵاتانی ناوچەکە.
هاوکات دەڵێت: باسمان لە گەشتە ڕاستەوخۆکانی ئێران و ڕووسیا و هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوانمان کرد، هەروەها ژمارەی گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوانمان زیاد دەکەین.
پوتین لەبارەی سووریاوە، گوتی: پشتیوانیی لە سەروەریی و سەقامگیری سووریا دەکەین، هەروەها لە پشتیوانیکردنی گەلی سووریا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بە ئامانجە ڕەواکانیان بگەن.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ئامادەن پشتیوانی دارایی سووریا بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بکەن. هیواداریشە گەلی سووریا بتوانن سەرجەم ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان تێپەڕێنن.
سەرۆکی ڕووسیا، باسی لە ئاگربەستی غەززە کرد و گوتی: لەگەڵ پزیشکیان کۆکبووین کە دەبێت ئاگربەست بە تەواویی لە غەززە جێبەجێ بکرێت، هەروەها دەبێت دیلەکانیش ئازاد بکرێن و ئەم هەنگاوەش وادەکات دۆخی غەززە باشتر بێت.
هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە سەردانێکی ڕاگەیەندراو گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک ڕووسیا لە بارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ کۆبووەوە.
خۆشەوی محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: دوای دیدارەکەی نێوان هەردوولا، ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە واژۆ دەکرێت، کە بۆ 20 ساڵ بەردەوام دەبێت و لە 47 خاڵ پێکهاتووە.
پێشووتریش سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاندبوو، ئەم ڕێککەوتنامە ستراتیجییە، هاوشێوەی رێککەوتنامەکەی ڕووسیا و کوریای باکوور، بۆ دژایەتیی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو گرنگی دانە، بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بواری خوێندن و وزە دا.