پزیشکیان: لەگەڵ ڕووسیا پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین و ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنین

سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا پشتیوانییەکی سەرەکی ئێران بووە و هیوادارین بتوانین لە بواری ئابووری و بازرگانی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین.
هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند: ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ئێمە و ڕووسیا واژۆ دەکرێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان دەکاتەوە و سوودی بۆ هەردوو وڵات دەبێت.
هاوکات هیواخوازە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا بەردەوام بێت بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و، هەوڵی بەهێزکردنیشی دەدەن.
سەرۆک کۆماری ئێران، دەڵێت: ڕووسیا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە بۆ ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکە پشتیوانییەکی سەرەکی ئێران بووە.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ ڕووسیا بەیەکەوە دەتوانن ئاستەنگەکانی بەردەمیان تێپەڕێنین، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بەردەوام دەبن.
گوتیشی: لەگەڵ پوتین باسی زیادکردنی گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات و هەڵگرتنی ڤیزا مان کرد، لەسەر ئەو بابەتەش دەگەینە ڕێککەوتن.
هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە سەردانێکی ڕاگەیەندراو گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک ڕووسیا لە بارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ کۆبووەوە
خۆشەوی محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ ڕایگەیاند: دوای دیدارەکەی نێوان هەردوولا، ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە واژۆ دەکرێت، کە بۆ 20 ساڵ بەردەوام دەبێت و لە 47 خاڵ پێکهاتووە.
پێشووتریش سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاندبوو، ئەم ڕێککەوتنامە ستراتیجییە، هاوشێوەی رێککەوتنامەکەی ڕووسیا و کوریای باکوور، بۆ دژایەتیی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو گرنگی دانە، بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بواری خوێندن و وزە دا.