بڕیارە سبەینێ ئاگربەستی شەڕ لە غەززە جێبەجێ بکرێت

لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە 700 فەڵەستنی ئازاد دەکرێن

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتە دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ ئاگربەست کراوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت، تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.

دوێنێ هەینی، لە کۆبوونەوەی حکوومەتی جەنگ و سیاسیی ئیسرائیل، دوای شەش کاتژمێر مشتومڕ ڕێککەوتنەکە لەلایەن بنیامین ناتانیاهو پەسەند کرا و ڕایگەیاند، دەبێت لە 19ی کانوونی دووەمی 2025 جێبەجێ بکرێت. 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 460 ڕۆژ بەسەر شەڕێکی وێرانکەر، چاوەڕوان دەکرێت، ئاهێک وەبەر خەڵکی فەڵەسین و کەرتی غەززەدا بێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ـەوە لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکوو 15ی ئەم مانگە 47 هەزار 559 فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژران و 116 هەزار و 965 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 18 هەزار و 700 کەسیش دەستگیرکراون.

بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆمبارانەکانیشەوە 170 هەزار و 812 باڵەخانە و خانوو وێران بوون.