ئەحمەد ئەلشەرع و سەرۆکی ئیمارات لەسەر هاوکاریکردنی بەردەوامی گەلی سووریا ڕێککەوتن

ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات، لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوام بۆ گەلی سووریا ڕێککەوتن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات، ڕۆژی هەینی لە پەیوەندەییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە هەماهەنگی هاوکارییەکانی گەلی سووریا کرد و گوتیان گرنگە ئەو هاوکارییانە بەردەوام بێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوانیان، هەردوولا چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان تاوتوێکرد.
ڕاشیگەیاندووە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی هەماهەنگی بەردەوام و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردنی گەلی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەیان و پابەندبوونیان بە کاری هاوبەش بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا کردووە.