هاوسەرۆکێکی دەبەپە: دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد زۆر گرنگ بوو

هاوسەرۆکێکی دەبەپە، کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بە "زۆر گرنگ" ناو دەبات و بە پێویستیشی دەزانێت "سەرکردەکانی کورد لەسەر بنەمای پەیامی یەكڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد خەبات بکەن."
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر، ڕایگەیاند "دیدارەکە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، زۆر گرنگ بوو."
بە گوتەی بایندر، سەرۆک بارزانی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پشتگیری پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی کردووە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
ئەو هاوسەرۆکە ئـــەوەشی خستووەتە ڕوو "لـــە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە، پێویستە لەمەودوا چالاکییەکان لە ژێر ئاڵای کوردستان بەڕێوەببرێن، نەک ئاڵای حزبی."
بایندر بە پێویستیشی دەزانێت "هێزە سیاسی و سەرکردەکانی کورد لەسەر بنەمای پەیامی یەكڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد خەبات بکەن."
لە بارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، هاوسەرۆکی دەبەپە دەڵێت: "باوەڕم وایە ئەگەر کورد بتوانێت لەم پرۆسەیەدا یەکهەڵوێست بێت، ئەوە گەلی کورد دەستکەوتی گەورەی دەبێت."
هەڵوێستی ئاکپارتی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی
لەلایەکی دیکەوە ئۆرهان میرئۆغلو، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "بەهۆی ئەوەی پێکهاتەی دیمۆگرافیای کورد کە لە چوار وڵاتی جیاوازدا بڵاو بوونەتەوە، بەهێزترین سەرکردە لە چارەکردنی ئەم کێشەیە، مەسعوود بارزانییە."
میرئۆغلو باسی لەوەش کردووە "بۆ ئەوەی کورد درێژە بە بوونی خۆیان بدەن لەم گۆڕانکارییەدا، بەشداریی مەسعوود بارزانی، کە ڕێزدارترین و متمانەپێکراوترین سەرکردەیە لەو وڵاتانەی کە کورد بوونی لێی هەیە؛ گرنگ دەبێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش کردووە "بارزانی بۆ ئایندەی کورد کارەکتەرێکی گرنگە و حکوومەتی هەرێم دەتوانێت کارەکەتەری سەرەکی بێت لە پرۆسەی داهاتووی سووریا و تورکیا. کۆبوونەوەی بارزانی و کۆبانی بەشدارییەکی بەرچاو لەم پرۆسانەدا دەکات، هەروەها کۆبوونەوەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ یەکڕیزی و پڕۆسەی ئاشتی ناوچەیی لەنێوان کورددا."
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی
ڕۆژی پێنچەشەممە، 16-01-2025، لە هەولێر سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) کرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا؛ تاوتوێ کرا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە "پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکوومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە."