لە تاران دەستڕێژی کرا و دوو دادوەر کوژران

لە باڵەخانەی دادگای تاران چەکدارێکی هێرشکەر، دەستڕێژی گولـلەی لە ژمارەیەک دادوەر کردووە و لە ئەنجامدا دوو دادوەر، کە سەرۆکی دوو بەشی دادگاکە بوون کوژران.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشکەدا هەر یەک لە دادوەرانی دادگای تاران، عەلی زارینی، سەرۆکی هۆبەی 39ی دادگاکە و محەممەد مەقیسە سەرۆکی هۆبەی 53ی دادگای باڵای تاران کوژراون.

هەروەها ئاماژەیداوە، تەقە کەرەک یەکێک بووە لە کارگوزارەکانی دادگای تاران و دوای تەقەکردنەکە خۆی کوشتووە.

هەر لە بارەی هێرشە چەکدارییەکەوە، ئەنجوومەنی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، ئەو کردە چەکدارییەی نێو دیوانی باڵای دادوەری، هێرشێکی پلانداڕێژراو بووە، کە دوو دادوەری چالاک و پڕ خزمەت لە یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانی تیرۆر، سیخوڕی و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی تیرۆرکران.

هەروەها ئاماژەیداوە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هێرشکەرەکە هیچ پێشینەکی تاوانی لە دادگا نەبووە. ئەو کاتەشی هەوڵی دەستگیرکردنی دراوە، خۆی کوشتووە.