سبەی نەوتی ماڵان دابەش دەکرێت

بڕیار وایە، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە پرۆسەکە دەست پێدەکات.

شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی یەکشەممە، دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەست پێدەکات و پرۆسەی دابەشکردنەکەش سەرەتا لە ناوچە سارد و شاخاوییەکانەوە دەبێت.

ئاری کاکەشین، گوتیشی: بڕی ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت 100 لیترە بۆ سنووری پارێزگای هەولێر، لە شارۆچکەکانی، شەقڵاوە، هەریر، کۆیە، تەق تەق، پیرمام، دەبێت و ئەو بڕەی کە دەمێنیتەوە، لە دەوروبەری هەولێر دابەش دەکرێت، کە لە ساڵی ڕابردوو وەریان نەگرتبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە،  یەکەم کاروانی  نەوتی سپی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە گەیشتە پارێزگای هەولێر و بڕیارە لەم دوو رۆژرەدا بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت.

ھەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ھەیە بۆ ئەوەی ھەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی پێ بدرێـت، تا ئێستا 92% خێزانەکان نەوتی سپیان وەرگرتووە کە حکوومەتی ھەرێم بە نرخی پاڵپشتیکراو دابینی کردبوو .

وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی پێ دەکات، ئەو نەوتەی کە بەغدا ناردوویەتی تەنیا 19%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەردەگرن.