لە پاڵەوانێتی تێنسی كراوەی ئوستراڵیا ئەنجامی چاوەڕواننەكراو روویدا
ئیما رادوكانۆ ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتی تێنسی ئوسترالیای كراوە كرد

لە بەردەوامی یارییەکانی گراند سلامی ئوسترالیا، لەسەر ئاستی پیاوان، گایل مۆنفیسی فەڕەنسی و ئالێکس میکێلسێنی ئەمریکی بردنەوەیان بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی خانمانیش ئێما رادوکانۆ و ئۆنس جابری تووشی دۆڕان بوون و ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتیەکە کرد.
گایل مۆنفیس تێنسزانی فەڕەنسی 38 ساڵان، لە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی ئوسترالیا، رووبەڕووی تایلۆر فریتزی ئەمریکی بووەوە و یارییەکەشی، بە ئەنجامی سێ سێت بەرامبەر سێتێک بردنەوە، ئەنجامی سێتەکانیش سێ شەش و حەوت پێنج و حەوت شەش و شەش چوار بوون. مۆنفیس لە دوای رۆجێر فێدێرەری تێنسزانی سویسڕی، بووە دووەم تێنسزان لە تەمەنی 38 ساڵی یان زیاتر، بپەڕێتەوە قۆناغی چوارەمی گراند سلامی ئوسترالیا.
لە یارییەكی دیكەدا، ئالێکس میکێلسن تێنسزانی لاوی ئەمریکی، لە قۆناغی سێیەمی گراند سلامی ئوسترالیا، رووبەڕووی کارین خاجانۆڤ پۆڵینی نۆزدەیەمی پاڵەوانێتیەکە بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە، بە ئەنجامی سێ سێتی بێوەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش سێ و حەوت شەش و شەش دوو بوون. میکێلسنی تەمەن 20 ساڵان لە قۆناغی داهاتوو، رووبەڕووی ئالێکس دێ میناور تێنسزانی ئوسترالیا دەبێتەوە.

لە ئاستی خانمانیش ئیگا سواتیک دووەم باشترین خانمەتێنسزانی جیهان، لە بەردەوامی یارییەکانی پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی ئوسترالیا، رووبەڕووی ئێما رادوکانو خانمەتێنسزانی بەریتانی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە، بە ئەنجامی دوو سێتی بێوەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش یەک و شەش سفر بوون. سواتیک لەوەتەی ساڵی 2000 بووە یەکەم خانمە تێنسزانی، لە یارییەکانی گراند سلام و ماستەرز، 1475 بردنەوە بەدەست بهێنێت.
ئۆنس جابر کە پێشتر خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی باشترین تێنسزانانی جیهان بوو، بەم دواییە بەهۆی دابەزینی ئاستی، بۆ پلەی 39 دابەزیوە، ئەو خانمە تێنسزانی ئەمجارەیان لە گراند سلامی ئوسترالیا، رووبەڕووی ئێما ناڤارۆ بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی سێتێک بەرامبەر دوو سێت دۆڕاند. بەم شێوەیە جابری ماڵئاوایی کرد و ناڤارۆش لە قۆناغی داهاتوو، رووبەرووی داریا کاساتکینا دەبێتەوە.
