ناتانیاهۆ: پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی جەنگ ناکەین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: گەڕانەوەی بارمتەکان کارێکی گرنگ و پیرۆزە، هەروەها پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی جەنگ ناکەین.
شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ئاماژەی بەوە دا، تەواوی بەڵێنەکانی جەنگ جێبەجێ دەکەین و پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی جەنگ ناکەین.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: حەماس ئیدی ناتوانێت چەک بۆ غەززە بگوازێتەوە، هەروەها گۆڕانکاریمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە.
باسی لەوە کرد، دەستکەوتی زۆریان لە شەڕی غەززە بەدەست هێناوە و گەڕانەوەی بارمتەکان کارێکی گرنگ و پیرۆزە.
لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە، ناتانیاهۆ، گوتی: ئیسرائیل مافی خۆیەتی ئەگەر پێویست بکات شەڕ لە کەرتی غەززە دەست پێبکاتەوە بە پشتیوانیی ئەمەریکا.
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتە دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ ئاگربەست کراوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت، تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.